خوا کوڕم پێ بدا

لەگەڵ پیریۆدی گەورە بووم
سەر لە نەردەکانی مناڵی مایەوە
پاییز بە ژیانەوە خەریک بووم
ئیستەش سەرسووڕماوم
بە دزیەوە بوومەلەرزە لەرزاندمی
ئاسمان ڕژا ناو باوشم
دزی، ته‌نیا بۆ پاره‌ی جگه‌ریه‌

نەردەکان لە منا بارین
لە باڵغیا
ملم لە پەتی ئەنگوستیلەیەک
ورچێک بۆ هەوەڵین جار لە منا نوست
ــ قاقای پێکەنینی ــ
ــ سەرکەوتوو بی، سەکتەی ئەمجار هیچ بە دڵم نیە ــ
دوو دڵ مه‌به‌
کۆڵانی باڵغی تەواو ئەبێ
ژنێک پاییز لە منا ژیا
دڵی بێ ترپەیە

باوەشێک خەونی سوور

ــ سسسست… ورچێک نوستووە ــ
ئەخەوم لە ئاسمان ئەکەومە خوارەوە
بێ سەر لە هەسارەکان ئەسووڕامەوە
جەرگەکەم جگەرەیکە بە دیار دیوارەوە
دایکم کوشت
خوشکم کوشت
برام کوشت
تا سەد جار باوکم کوشت
بەسیەتی نوستن

بێزارم لە قسه
لە خوازبێنی.
میوانەکان
ڕۆیشتن نەمابوو
قەبرێکی چۆڵم پڕ بە نامووس
دەم لە دەمی‌کرمۆڵی
کرمەکانم ئەژمارد
ماچەکان تەمکی هێناوە
ماندووم لە حسێب کردن
نازانم چەن گۆم خوێنم لێ ڕۆیشتووە
چەنێک فرمێسکی ماوە چاوم
ئەو سەربازەی ئەنازەی گرت
چەن جار لە منا گریا
وەرە دەسگیرانەکان تەواو کە

چەنێکم ماوە
با سەگەکان بحەپێنن
قامکی
چاویان
دایم گیر بێ
تاوانی تەنیایی
سەد ناوە لە موبایلەکەدا
کاتێک گەڕامەوە لە تەنیایی
قەیرەکان خۆیان بە قەدەر ئەکێشا
سەرم لە پەنجەرەی مێرد گیر بووە
ڕائەچڵەکێم

تا ئەبەد لێم گەرێن
من ترپەی
شەوێک
نە، مێردەکەم
قەحبەییشیم ڕووسووری بوو
بیساوە دەسماڵی نوقڵەکە
هەفتەیەکە مێعدەم ئێشێ
هێڵنج ئەدەم
مناڵێکی ناقس لە منا ئاو ئەخواتەوە
نۆ سکەم هەڵدێنمەوە
پاییزێکم ئەوێت بە ژیانەوە خەریک بم
جۆرێک لە مردن
فرمێسکەکانم لە ڕووسووری خۆشتر ئەوێ

بەسیەتی ئەسید
ئیتر ویشک بووە
بۆ یەک ساڵ چێشتەکان ئەسووتێن
تۆیش ئەم شێعرە بسووتێنه
سەتڵی زبڵەکە گەورەیە
ژانیش ژنێکە پڕ لە ڕووسووری
ئەقیژێنم
ئەناڵێنم

پڕ بەم شاره نکەم پێیە
هەستی پێخەف بوون
لە منا
لە دایکما
لە دایکی دایکما
لە دایکی دایکی دایکما
دایە حەوا تۆ پیاوێکت دووری بە منا
من نایدوورم بە سکما
لە نەردەکان گیر ئەبم
مردن جۆرێکە لە ژیان
لەوە زیاتر کون نابم
دنیا لە چاوما فرمێسکی ڕشت
خەونی شەقام وشە و
دزی تەنیا بۆ جگەرە نابێت
ــ خوا کوڕم پێ بدا ــ
ئاە لە دەس ئەم دوعا نەفرەتیە

 

 

هاژان مه‌عرووفی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *